عیماد ئەحمەد رایگەیاند وەكو هەرێمی كوردستان بەگرنگیەوە لەهەڵبژاردنەكانی 30/4 دەڕوانین بەئاراستەی بەرقەراركردنی زیاتری دیموكراسی و چەسپاندنی تەواوی مافە دەستورەیەكانمان لەعیراق و گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان كەببێتە نمونەیەكی گەشەسەندوی ناوچەكە لەهەموو بوارەكاندا، هەروا تەئكیدیشی كردەوە بۆ زەمینە خۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد كەتەواوی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەئازادی دەنگ بدەن، حكومەتی هەرێم بەبێ لایەنی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هاوكار و پشتیوان دەبێت، دواشی كرد هەموو لیست و قەوارە سیاسیەكان لەكەشێكی ئارام و دور لەتوندوتیژی و بەپێی قانون و رێنمایەكان هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن و بیكەنە كەرنەڤاڵێكی نیشتمانی.
ئەم لێدوانەی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كەئەمڕۆ لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو سەبارەت بەئامادەكاریەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم.
سەرەتا بەڕێوەبەرانی گشتی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەی پێویستیان لەبارەی ئامادەكاری پڕۆسەكە خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەكرد كەئەمجارە لەرێگەی كارتی دەنگدانەوە هاوڵاتیان دەنگی خۆیان دەدەن، بۆیە پرۆسەكە جیاوازدەبێت لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو، بۆ ئاسكاری و باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانیش كۆمسیۆنی باڵا ئامادەكاری پێویستیان كردوە كەهاووڵاتیان بەئاسانی دەنگی خۆیان بدەن، هەروا باسیان لەوەشكرد كەتەنیا لەكوردستان هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە دەچێت بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییە كەرەنگە جۆرێك لەفشار دروست بكات .
لەلایەن خۆیەوە عیماد ئەحمەد رونیكردەوە كەهەرێمی كوردستان بەگرنگیەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانێت خوازیارە لەسەر ئاستی هەموو عیراق ببێتە مایەی چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی دیموكراسی و خۆشگوزەرانی و چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئەمنی و خزمەتگوزاریەكان و هەلومەرجێكی لەبارتر بۆ سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق فەراهەم بكات كەهەموویان بەشێوەیەكی راستەقینە بەشداربن لەبڕیارو بەرێوەبردنی وڵاتدا، بۆ كوردستانیش ببێتە سەرەتایەكی تری پێشكەوتن و ئاوەدانی زیاترو بەیەكەوە كاركردن بۆ وەدیهێنانی تەواوی مافەكانمان و قوڵكردنەوە یئەزموونی دیموكراسی لەبەرژەوەندی خەڵكدا.
لەدرێژەی رونكردنەوەكەیدا عیماد ئەحمەد باسی لەوەشكرد كەپێویستە هەموو لایەنە سیاسیەكان بەگیانی لێپسراوێتی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە نیشتمانیەكان لەم كەرنەڤاڵە بڕوانن بۆ ئەوەی لەداهاتوو بەپێی خواست و ئیرادەی خەڵك كاربكەین و خزمەتی زیاتریان بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێم وەك رابردوو بەبێلایەنی كار بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان دەكات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەی هاوكاری و پشتیوانییە بەشێوەیەك كەهاووڵاتیانی كوردستان بەجیاوازی بیروبۆچوونی سیاسیان بتوانن بەئازادی دەنگی خۆیان بدەن.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم راشیگەیاند پێویستە دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەوردی ئامادەكاری بكەن كەخەڵك لەرێگەی ئەو كارتە تازەیەوە بەئاسانی دەنگ بدەن و گرفتیان بۆ دروست نەبێت، لەلایەكی تریشەوە رەوچاو و چاودێری جێبەجێكردن و پابەندبوونی قانون و سیستم و رێنمایەكان بن لەلایەن لیست و قەوارە سیاسیەكانەوە بۆ ئەوەی لەدۆخێكی ئارام و دوور لەتوندوتیژی پرۆسەكە بەسەركەوتوویی لەبەرژوەندی بەرەو پێشچوونی وڵاتەكەمان بەڕێوە بچێت.
جێگری سەرۆكی حكومەت داواشی كرد كەلیست و كاندیداكان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پابەندی رێنمایەكان بكەن و شوێنی گشتی ونەگونجاو بۆ هەڵمەتەكە بەكار نەهێنن و سیماو جوانی شارە و گەڕەك و كۆڵانەكان نەشێوێنن و نمونەیەكی جوان لەمیانەی هەڵمەتەكەدا پێشكەش بكەن.
ئەمڕۆ شەممە 15ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوویەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرەتا ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش باسی ئەنجامەكانی ئەو سەردانەی كرد كە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوڕووپایی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هەیبووە.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر گرفتە نێوخۆییەكانی یەكێتی و پاش ئاگاداربوونی سەرۆكی هەرێم لە وردەكاریی ئەم كێشانە سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆی نیشان دا هاوكار و یارمەتیدەریان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە ئەم جۆرە كێشانە چارەسەر بكرێن چونكە مانەوەیان كاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتیی كوردستان دادەنێت. لەم كۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆمەڵێك بڕیار دەركران.
دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و ئامادەبووان جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هێزە سیاسییەكان پڕۆسەی دانوساندن خێرا بكەن و لە ماوەیەكی كەمدا بگەنە ئەنجام و حكوومەتی تازە ڕابگەیێنرێت. هەر پەیوەست بەم باسەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی بیروڕای خۆی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. لەبەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی دا كە لە هەوڵەكانیدا بەردەوام بێت و لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەیش كۆ ببێتەوە.
باسكردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەی پێك دەهێنا.
پێش نیوەرۆی ئەمرۆ عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی پارێزگای سلێمانی و بە ئامادە بونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە وەفدێكی پەرلەمانتارانی وڵاتی ئۆكرانیا كە پێك هاتبون لە نوێنەری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ئۆكرانیا .
لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی بەتەو كردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئۆكرانیا كرا .
جێگری سەرۆكی حكومەت لە وتەیەكدا ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری ئاوەدانی و بنیات نانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم كرد و وتیشی پێویستیمان بە ئەزمون و هاوكاری وڵاتانی پێشكەوتو هەیە و ئۆكرانیاش وەك وڵاتێكی خاوەن پیشەسازی دەتوانێت هاوكارو پشتیوانیمان بێت لە پرۆسەی دروستكردنی ژێرخانی ئابوریمان .
عیماد ئەحمەد رونیشیكردەوە لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بە وەبەرهێنانمان هەیە بە یاسا پشتیوانی و هاوكاری لە وەبەرهێنانەری بیانی دەكەین و داواشی كرد كۆمپانیا كانی ئۆكرانیا بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە بوارەكانی پیشەسازی و وزە و كارەبا و دانانی كارگەی گەورە وەبەرهێنان بكەن .
جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەسەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان داو , ووتیشی ئارامی لە هەرێمی كوردستان , لە گەڵیشیدا دەوڵەمەندی بە كانزای سروشتی , بۆتە دەروازیەك بۆ ئاوەدانی لە عێراق , هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی و خستنەگەری سەرمایەكانیان لە هەرێم ئەمەش وای كردووە ژمارەیەك لە كونسولگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان لە كوردستان بكرێنەوە , بۆ قوڵكردنەوەی ئەو پەیوەندیانەو زیاتر لێك تێگەیشتن لە نێوان هەردوولا ، پێمان باشە وڵاتی ئۆكرانیاش بەهەمان شێوە نوێنەرایەتی خۆیی لە كوردستان بكاتەوە و وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارو پشتیوانیان دەبین .
رود گۆڤسكی میكۆلا بەناوی وەفدی میوانەوە خۆشحاڵی بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیان كراوە نیشاندا و سوپاسی سەرۆك مام جەلالی كرد كە لە یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی پشتیوانی كردن بۆ هاتنە كوردستان و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و ، راشیگەیاند وەك نوێنەری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ئۆكرانیا پاش گەرانەوەیان بۆ وڵاتەكەیان بەجدی كار لەسەر جێنۆسایدی گەلی كورد دەكەن و هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ گەشەكردنی پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتەكەیان و هەرێمی كوردستان .
نیكۆلای تەئكیدیشی كردەوە هەرێمی كوردستان گەشەی ئاوەدانی و ئابوری گەورەی بەخۆیەوە بینیەوەو ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەوەی كۆمپانیای بیانی روی لێبكەن و وتیشی ئێمە هانی كۆمپانیا گەورەكانی وڵاتەكەمان دەدەین لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان و بكەن و ئەو پشتیوانی و كارئاسانیانەشی بە هەنگاوێكی گرنگ وەسف كرد بۆ هاتنی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەوەشدا وڵاتی ئۆكرانیا خاوەنی پیشەسازی گەورەیە بەتایبەت لە بواری دەرهێنان و هاوردە كردنی وزە و كارەبا و دروستكردنی هێڵی ئاسنین و دامەزراندنی جۆرەها كارەگە ، كە دەتوانێت رۆڵیان هەبێت لە دروستكردنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان .
هەر لەو دیدارەدا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە دا پارێزگاكان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە رەزامەندی بدەنە كۆمپانیای بیانی بۆ دروستكردنی كارگە و لە سلێمانی هەموو كار ئاسانیەك بۆ دانانی كارگە كراوە و ئێستە كێبركێ یەكی بەرچاو هەیە لە هاتنی كۆمپانیای بیانی و داواشی كرد كۆمپانیاكانی ئۆكرانیا پەلە بكەن لە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی بەتایبەت .
لە بەرانبەر ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیان كراوە وەفدی میوان بانگێشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ سەردانی وڵاتەكەیان لە پێناو زیاتر پتەو كردنی پەیوەندیەكانیان و راشیان گەیاند دروستكردنی پەیوەندی بتەوی ئابوری دەبێتە هۆی دروستكردنی پەیوەندییەكی هەمە لایەنەی لە نێوان وڵاتی ئۆكرانیا و هەرێمی كوردستان .
عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەشاری هەولێر پێشوازیكرد لەوەفدێكی رێكخراوی لاوانی ئاشتی پارێز لەنەتەوە یەكگرتوەكان, كەرێكخراوێكە لەسەر ئاستی جیهان لەبواری گەنجان و پرسی ئاشتی كاردەكات و نوێنەرایەتی 6 هەزار گەنج لە35 وڵاتی جیا دەكات.
لەم دیدارەدا كەبەرێوەبەری گشتی لاوان ئامادەی بوو، عیماد ئەحمەد باسی لەوەكرد كەبەهۆی سیاسەتی دڕندانەی داگیركەران، كوردستان وڵاتی شەڕو نەهامەتی جینۆساید بوو و بەچەكی قەدەغەكراو چەندین ئامرازی نامرۆڤانە ویستیان گەلەكەی لەناوبەرن، لەم میانەیەشدا لاوان قوربانی یەكەمی دەستی ئەم سیاسەتە بوون و سەرەڕای مەترسی دروستكردن لەسەر ژیانیان، لەهەموو بوارەكانی پێشكەوتن و داهێنان بێبەش بوو.
بەڵام وەك جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێدا ئێستا كوردستان خاوەنی ئەزمونێكە كەدەرفەتی زۆر لەبەردەم گەنجەكانی كراوەوتەوەو جگە لەبەشداریان لەجومگەكانی بەرێوەبردن دا، زمینەی داهێنان و تاقیكردنەوەی تواناكانیان بۆ كراوەتەوە، گەنجانی ئێمە لەتەمەنی كەمتر لە30 ساڵ دەتوانن ببن بەئەندامی پەرلەمان، چەندین رێكخراوی جیاجیا هەن كەكار بۆ لاوان دەكەن، سەرەڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم وەكو ئەولەویەتی خۆی بایەخی بەو توێژە زیندوە داوە.
دواتر جێگری سەرۆكی حكومەت پشتیوانی بۆ كاری ئەو وەفدە دەربڕی كەبتوانن ئەزمون و شارەزای گەنجانی دنیا لەكوردستان بەتوانای گەنجانی ناوخۆ موتوربە بكەن و ئەزمون و شارەزایی پێویست بگوازنەوە بۆ وڵاتەكەمان.
دواتر وەفدی میوان رونیان كردەوە كەهەرێمی كورستان ئەزمونێكی دیارەو وتیان لەمیانەی ئەم سەردانەدا بەڕوونی دەبینین كەپێشكەوتنی بەرچاو هەیە، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە ئامادەی هەمو هاریكاریەكی پێویستین و هەوڵ دەدەین لەراپۆرتی تایبەتی خۆمان بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژە بەخاڵە ئیجابیەكان بدەین و لەداهاتوشدا كاری زیاتر ئەنجام دەدەین.
دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا ، ئەمڕۆ بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە پایتەخت و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتەوە پێشوازی لێكرا .
دوای دانیشتنێكی كورتیش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە یاوەری كەریم سنجاری وزیری ناوخۆ و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی كامپی كەورگۆسكی پەنابەرانی كوردی سوریای لە هەرێمی كوردستان كرد و لە لایەن بەرپرسانی كامپ و خودی پەنابەرانەوە بە سروودی ئەی رەقیب و فڕاندنی كۆتری سپی وەكو نیشانەی ئاشتی پێشوازی لێكرا .
پاشان لە وتەیەكدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی میوانان ، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنتۆنیۆ گۆتیێریس كۆمیسیاری باڵای پەنابەران وخاتوو ڤالێری ئامۆس ، ئاماژەی بەوەدا ئەو كامپە بە پاڵپشتی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆو دامو دەزگاكانی پارێزگا و زێرەڤان بەشێوەیەكی خێرا لە ماوەی سێ رۆژدا دامەزرا بۆ ئەوەی بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەرانی كوردی سوریا رێكخرا .
پارێزگاری هەولێر سوپاسی خۆی ئاراستەی رێكخراوەكانی WFP و WHO یونیسێف و یونیسیكۆ و دەزگای خێرخوازی بارزانی كرد كە هەموولایەك وەكو یەك تیم بۆ خزمەتگەیاندن بە كوردی سوریا لە و كامپە كاریان كرد .
هاوكات ئاماژەی بەوەدا ئەو خزمەتگوزاریەی پێشكەش بەئاوارەكان كرا لەو كامپەدا تاڕادەیەك رۆڵی هەبوو لەوەی ژیانیان تۆزێك باشتر بكات و هاتنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی وەكو پاڵپشتیەكی دیكەی حكومەت و ئاوارەكان لە قەڵەمدا بۆ باشتركردنی ژیانی ئەم ئاوارانە و ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان چاوەڕوانی پاڵپشتی زیاترە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ باشتركردنی رەوشی ژیانیان تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان .
دوای گەشتێكیش بۆ نێو خیوەتگەی ئاوارەكاندا ، بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتەیەكدا كە چەند وشەیەكی بە زمانی كوردی دەستپێكرد ، خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوون لە كامپی كەورگۆسك و بەسەربردنی چەند كاتژمێرێك لەگەڵ ئەم پەنابەرانە نیشاندا و پاڵپشتی تەواو و بەهێزی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ ئەم پەنابەرانە نیشاندا و ئاماژەی بەوەشدا ئەوان هاتوون گوێ لەنیگەرانی و هیوا و ئاواتەكانی ئەم پەنابەرانە بگرێت .
بان كی مۆن نیشانیدا ژمارەیەكی زۆری خانەوادە پەنابەرەكان بە هەبوونی منداڵ و نەخۆشەوە سەرمای ئەم زستانە بەسەر دەبەن و دووپاتیكردەوە ئەو خانەوادانە دەیانویست ئایندەیەكی گەشتریان هەبێت بەڵام ئەوان لە ئایندەی خۆیان دڵنیا نین و نیگەرانن ولەناخی دڵەوە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بەرامبەر بە وەرگرتنی 200 هەزار پەنابەر لە سوریاوە.
هەروەها نیشانیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كامپی بۆ ئەم مەبەستە دروستكردووە و كۆمیتەی كارگوزاریشی بۆ هەماهەنگی كارەكانیان پێكهێناوە و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بەرامبەر بە پابەندبوونیان بۆ بە دەنگەوەچوونی ئەم ئاوارانە وسوپاسی پارێزگاری هەولێر و هەموو بەرپرسانی ئیداری و رێكخراوە ناحكومیەكان كرد بۆ خزمەتگەیاندن بەم ئاوارانە.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نیشانیدا ئەم ئاورانە پێویستیان بە ئازادی و دادپەروەری و كەرامەتەوە هەیە بۆیە شوێنی خۆیان جێهێشتووە بۆیە دووپاتیكردەوە ئەو بەیاوەری ئەخزەر ئیبراهیمی نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كاری بەردەوام دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم ئاوارنە تاوەكو دەگەرێنەوە وڵاتی خۆیان .
هەروەها راشیگەیاند سبەی كۆنفڕانسێك بۆ هاوكاری مرۆیی لە كوێت بەڕێوەدەچێت بۆ هاوكاریكردنی ئەم پەنابەرانە بە دابینكردنی هەموو هاوكاریەك لە هەموو روێكەوە راشیگەیاند هەفتەی داهاتوو كۆنفڕاسێكی تایبەت لە بارەی سوریاوە بەڕێوە دەچێت هیواشی خواست بە زووترین كات ئاشتەوایی لە سوریا بێتەدی و ئاوارەكان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و تائەو كاتەش نەتەوە یەكگرتووەكان رابەرایەتی ئەم هەڵمەتە دەكات بۆ گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە .
پاشان ئەنتۆنیۆ گۆتییرس كۆمیسیاری باڵای پەنابەران پاڵپشتی پەیڤەكەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد وسوپاسی حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ خزمەتگەیاندن بەم ئاوارانە ونیشانیدا حكومەتی هەرێم توانیویەتی كەرامەت و مافی ئەم پەنابەرانە لەڕووی تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و خزمەتگوزاریەوە دابینكردووە و هیوای خواست وڵاتانی دیكەش هەمان هەنگاو بنێنەوە .
هەروەها راشیگەیاند سبەی لە كوێت هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی 542 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزاری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و نیشانیشیدا هاوكاری دارایی بۆ ئەو پەنابەرانە بەس نیە و ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی كوردستان باشترین كاری بەوە كرد كە سنوورەكانی خۆی بۆ ئەم پەنابەرانە كردەوە .
نیگەرانی خۆیشی بەوە نیشاندا كە خەڵكی سوریا بەهۆی گرتنەبەری رێگەی قاچاغەوە لە ئاوی دەریاكاندا دەخنكێن كاتێك وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن وداواشیكرد سنوری وڵاتانی دیكە وەكو هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئاوارەكانی سوریا واڵا بێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كار بۆ دابینكردنی پێدوایستیەكانی بكات .
پاشان لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا بان كی مۆن نیگەرانی خۆی بە بارودۆخی هەنووكەیی سوریا نیشاندا كە تا ئێستا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی كاریگەری نەهامەتی ئەم بارەیان پێوە دیارە و زیاتر لە 100 هەزار كەس كوژراوە و ئەمەش بۆتە هۆی قەیرانی سیاسی ومرۆیی بۆ هەموو جیهان و هۆكاری نەبوونی چارەسەری بۆ ئەم پرسەی بۆ هەبوونی دابەشكاری لەنێو خودی گەلی سوریادا نیشاندا و دووپاتیشیكردەوە هیچ كاتێك چارەسەری سەربازی كۆتایی بەم قەیرانە ناهێنێت و ئاماژەی بەوەشدا هەفتەی داهاتوو لە كۆنفڕانسی جنێف 2 دا هەموو ئەو پرسانە دەخرێنە روو و هەوڵدەدرێت راسپاردەكانی جنێف 1 جێبەجێبكرێن و ئەمەشی بە خاڵی گرنگی كۆنگرەكە دانا وداوای لە هەموو لایەنەكان كرد توندوتیژی رابگرن بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئاشتی بكرێت .
هەروەها لەبارەی كاتی دیاریكراو بۆ كۆنگرەی جنێف 2 و بەشداریكردنی وڵاتان تیایدا دووپاتیكردەوە ئەو داوەتنامەی بۆ بەشداریكردن بۆ هەموولایەك ناردووە بە هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی سوریاشەوە و حكومەتی سوریاش بەشداری خۆی دووپاتكردۆتەوە و هیواشی خواست ئەحمەد جەربا سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا بەشداری بكات ئەمە جگە لە 30 وڵاتی دیكە بە هەر پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشەوە .
لەبارەی بەشداری ئێرانیش لە كۆنگرەكەدا بان كی مۆن بە باشی زانی ئەم وڵاتە بەشداری تیادا بكات ئەگەرچی ئەو مەسەلەیە هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە و لەگەڵ ئەخزەر ئیبراهیمی قسەی لەسەر ئەو مەسەلەیە كردووە .
ئەمڕۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا كە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، بان كی مۆن خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیكراوە.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان شانازیشی بە پێشكەوتن و ئارامی و سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان رێگەیەكی درێژی لە بواری بنیاتنانەوە و خزمەتگوزاری و تەلارسازی و ژێرخانی ئابووریدا بڕیوە.
لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەكانی سووریا و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی پەنابەرانی سووریا و جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ دەدات ئەوەی لە دەستی بێت بیكات بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان. بان كی مۆن سوپاسی حكوومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد لە پێشكەشكردنی كارئاسانی و یارمەتیدانی رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ درێژەپێدانی ئەرك و كارەكانیان.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ڕەوشی عێراق دوا و، هێمای بەوەدا كە زۆر پرس هەیە و پێویستە كاری بۆ بكرێت بە تایبەت لە شێوازی دابەشكردنی داهات، هەروەها جەختیشی کردەوە کە پێویستە خەڵكی عێراق سیستەمێكی فیدراڵ و دیموكراتی دەستەبەر بكەن.
لە بارەی دۆخی سوریایشەوە بان كی مۆن ئەوەی خستەڕوو كە چارەسەری قەیرانی سووریا كارێكی ئاسان نییە و بڕوایشی وابوو كە ڕێگەی سەربازی هیچ ئەنجامی نابێت و تەنیا ڕێگەچارەی سیاسییە ئەنجامی لێ دەكەوێتەوە. هەر پەیوەست بەم باسەوە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای خواست كە لە كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 ـدا دەنگی كورد بە باشی ببیسترێت و ڕێگە بە هەموو دەنگ و خواستەكانی نێو سووریا بە كوردیشەوە بدرێت.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و شاندە یاوەرەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر كرد و ئاماژەی بەوە دا، كە لەوە دڵنیایە گەلی كوردستان خۆشحاڵە بە هاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ وڵاتەكەیان.
سەرۆك بارزانی لە بارەی دۆخی سووریا ئەوەی بۆ بان كی مۆن و شاندی یاوەری باس كرد كە هەر لە سەرەتای دەستپێكی ئاڵۆزییەكانی سووریا هەرێمی كوردستان سنوورەكانی خۆی بەسەر خەڵكی سووریا بە بێ جیاوازی كردەوە و پێشوازی لە ئاوارەكان كرد. سەرۆك بارزانی ئەوەشی ڕوونكردەوە كە گەلی كورد زۆر باش لە دەردی ئەو میللەتانە دەگات كە دەكەونە ژێر شاڵاوی ڕژێمێكی دڕندە. هەر لەبارەی دۆخی ئاوارەكانی سووریا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بۆ خەڵكی ئێمە یارمەتیدانی پەنابەران ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤییە، ئێستا ڕێژەیەكی زۆری پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن و لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و پێویستمان بە یارمەتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە. سەرۆك بارزانی هیوایشی خواست كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 ئەنجامی باشی هەبێت و دۆخێك بێتە ئارا كە پەنابەران بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی سوریا بێت و خەڵكی ئەو وڵاتە لە ئارامیدا بژین.
سەبارەت بە كێشەكانی عێراق و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ڕوون كردەوە كە لە عێراقدا دەستورێك هەیە کە سرووشتی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدای پێناسە كردووە و ئەرك و مافەكانی هەموو لایەكی دەستنیشان كردووە. ئێمە پابەندین بەو دەستوورەوە و پابەندبوون بە دەستوور گەرەنتییەكە بۆ مانەوەی عێراق و داوا لە گشت لایەك دەكەین پابەندی دەستوور بن. سەرۆك بارزانی جەختی لەسەرئەوەش كردەوە، ئێمە هەوڵدەدەین بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستور كێشەكان چارەسەر بكەین.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات و بوونیان لە كوردستان جێگەی دەستخۆشی و مایەی دڵنیاییە.
جێی باسە ئەمڕۆ سێشەممە 14/1/2014 بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گەییشتە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرا و دواتر سەردانی كەمپی ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی لە كەورگۆسك كرد. دوای دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی بە گەشتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەگەرمی بەڕێ كرا.